قورئانی پیرۆز
بیروباوه‌ڕ
فه‌رمووده‌
وانه‌كانی‌ فیقهی‌ ئیسلامی‌
په‌روه‌رده‌و ئه‌خلاق
ژیاننامه‌
مێژوو
خێزان‌و منداڵ
فه‌تواشه‌رعیه‌كان
وتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌
زیكرودوعاكان
قوتابخانه‌ی‌ سه‌ڵاحه‌دین
گه‌نجان
هونه‌ر
هه‌مه‌ره‌نگ
كتێبخانه‌‌ر
ته‌رم و جه‌نازه‌‌ر
52
407402
ته‌فسیری قورئانی پیرۆز
ته‌فسیری سووڕه‌تی الکهف به‌شی چواره‌م د.عبدالله‌
 تەواو کردنى ئایەتى دووەم : وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْراً حَسَناً
 (2)وە مژدەش بدات بەو باوەڕدارانەى کە کردەوە چاککەکان ئەنجام دەدەن بەوەى کە پاداشتێکى چاکیان بۆ هەیە.
{أَجْراً}: (الأجر) واتە پاداشت ، خواى گەورە ناوى بردوە بە پاداشت چونکە بەرامبەر بە کردەوەکانە ، وە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر دادپەروەرى خوداى پەروەردگار تاوەکو بەندەى باوەڕدار کە کردەوەى چاکى ئەنجام داوە دڵى ئۆقرە بگرێ لەسەر مسۆگەرکردنى پاداشتەکەى ، چونکە وەکو زانراوە کرێ گرتە کاتێک کارەکەى ئەنجام دەدا ئەوا شایەنى خۆیەتى پاداشتەکەى وەربگرێ.
{حَسَناً} چاک ، لەو ئایەتەدا خواى گەورە باس لە پاداشت دەکات و بە چاک وەسفی دەکات ، وەکو لە سوڕەتى (الرحمن) یش دەفەرموێ { هَلْ جَزَاءُ الإِحْسَانِ إِلاَّ الإِحْسَانُ (60)} واتە : ئایا پاداشتى چاکە هەر چاکە نى یە ؟ ، بەڵام لە سوڕەتى (یونس) بە وەسفێکى چاکتر هاتووە وەک دەفەرموێ : {لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا الْحُسْنَى وَزِيَادَةٌ.....(26)} واتە : بۆ ئەوانەى چاکەیان کردوە پاداشتى چاکتر و زیاتریان هەیە، ئیتر ئایا تەنها پاداشتى چاکە چاکەیە ؟ یان چاکتر و زیاتر ؟ وەڵام : وا چاوەڕوان دەکرێ لە میهر و بەزەیى و بەخششى خواى پەروەردگار پاداشتى چاکتر و زیاتر نەک تەنها چاک ، وە بێگومان بەهەشت زۆر بەرزترە لەو کردەوانەى کە بەندەکان ئەنجامى دەدەن.
سێ سەرنج دەربارەى وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْراً حَسَناً (2)
1/ وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد کە پاداشت بەرامبەر بە کردەوەیە ، کەواتە چوونە بەهەشت بە بێ کردەوە نى یە ، وەکو لە چەندین ئایەت خواى گەورە کە باس لە بەهەشت دەکات دەیبەستێتەوە بە کردەوە چاکەکان ، وەکو لە سوڕەتى (آل عمران) دەفەرموێ {أُوْلَئِكَ جَزَاؤُهُمْ مَغْفِرَةٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَجَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَنِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ (136)} واتە : ئا ئەوانە پاداشتیان لێبووردنە لە لایەن پەروەردگاریانەوە وە چەندین بەهەشتێک کە ڕوبارەکان دەڕۆن بە ژێریاندا ئەمێمننەوە تێیدا بە هەمیشەیى ، چەند چاکە پاداشتى چاکەکاران . وە هەروەها لە سوڕەتى (الاعراف)دا دەفەرموێ {...... وَنُودُوا أَنْ تِلْكُمْ الْجَنَّةُ أُورِثْتُمُوهَا بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (43)}
واتە : وە بانگیان لێ دەکرێ بەمەى کە ئەو بەهەشتە پێتان بەخشرا بە هۆى ئەو کردەوە چاکانەى دەتان کرد. وە هەروەها لە سوڕەتى (الواقعە)دا دەفەرموێ وَالسَّابِقُونَ السَّابِقُونَ (10) أُوْلَئِكَ الْمُقَرَّبُونَ (11) فِي جَنَّاتِ النَّعِيمِ (12) ..... جَزَاءً بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ (24)} واتە : وە پێشکەوتووەکان هەر ئەوانن پێش کەوتوو ئەوانەن نزیکانى بارەگاى خوا ...... ئەو بەهرانە لە پاداشتى ئەو کردەوانەى کە ئەنجامیان ئەدا.
2/ بەهەشت زۆر پاداشتێکى زیاترە لەو کردەوە چاکانەى کە بەندەکان ئەنجامى دەدەن وە کو پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم - دەفەرموێ : (مَا مِنْ أَحَدٍ يُدْخِلُهُ عَمَلُهُ الْجَنَّةَ فَقِيلَ وَلَا أَنْتَ يَا رَسُولَ اللَّهِ قَالَ وَلَا أَنَا إِلَّا أَنْ يَتَغَمَّدَنِي رَبِّي بِرَحْمَةٍ) رواه مسلم عن عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ َ.واتە : هیچ کەسێک کردەوەکانى نایباتە بەهەشت ، ووتیان : تۆش یا رسول الله ، فەرمووى منیش تاوەکو پەروەردگارم دامنەپۆشێ بە میهرەبانى خۆى.
3/ کاتێک کە وەسفى ئەو پاداشتە دەکات کە بەهەشتە بە {حسنا} واتە : چاک ، بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە هیچ شتێکى تێدا نى یە کە خۆشى یەکەى بشێوێنى ، ئەگەر نا پێ ى ناوترێ چاک ، وە کو پێغەمبەر - صلى الله علیه و سلم - دەفەرموێ : ( يُنَادِي مُنَادٍ إِنَّ لَكُمْ أَنْ تَصِحُّوا فَلَا تَسْقَمُوا أَبَدًا وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَحْيَوْا فَلَا تَمُوتُوا أَبَدًا وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَشِبُّوا فَلَا تَهْرَمُوا أَبَدًا وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَنْعَمُوا فَلَا تَبْأَسُوا أَبَدًا...)رواه مسلم عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ وَأَبِي هُرَيْرَةَ َ. واتە : باگەرێک بانگى ئەلى بەهەشت دەکات و دەفەرموێً : بۆتان هەیە لەش ساغ بن و نەخۆش نەبن هەتا هەتایێ ، وە بۆتان هەیە بژیێن و نەمرن هەتا هەتایێ ، وە بۆتان هەیە هەر گەنج بن و پیر نەبن هەتا هەتایێ ، وە بۆتان هەیە بە خۆشی بژیێن و توشى تەنگانە نەیێن هەتا هەتایێ ،...... 0
ئایەتى سێ یەم : مَاكِثِينَ فِيهِ أَبَداً (3)
واتە : لەو بەهەشتەدا بێ بڕانەوە دەمێننەوە . نە ئەوان دەڕۆن و دەمرن وە نەبەهەشت تەواو دەبێت ، بەڵگو بە بەردەوامى تێیدا دەمێننەوە .
بۆیە ئەگەر کەسێک لە ژیانى دونیا لە خۆشیش دا بێت و هیچ گرفتێکیشی نەبێًت ، بەڵام کاتێک تەنانەت مردن بەخەیاڵی دا دێت ئەوا ئەوەندەى بەسە کە خۆشی یەکەى لێ تاڵ بکات . بەڵام ئەوەى کە خۆشی یەکانى بەهەشت تەواو دەکات ئەوەیە کە هەتا هەتایەو بێ بڕانەوەیە. بۆیە خواى گەورە کاتێک بەراورد دەکات لە نێوان ژیانى دونیا و ژیانى کۆتاییدا دەفەرموێ : {وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلاَّ لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَلَلدَّارُ الآخِرَةُ خَيْرٌ لِلَّذِينَ يَتَّقُونَ أَفَلا تَعْقِلُونَ (32)}الأنعام ، واتە : وە ژیانى دونیا هیچ نى یە بێجگە گاڵتە و سەرقاڵى نەبێت وە بێگومان ماڵی دوا ڕۆژ چاکترە بۆ ئەوانەى خۆیان دەپارێزن و لە خوا دەترسن ، دەى ئایا بۆ ژیر نابن؟.
وە خۆشی یەکانى بەهەشت کە نەبڕاوەیە ؛ لە هەمان کاتدا بە بەردەوامى لە گۆڕانکارى و زیاد بووندایە ، وە کو پێغەمبەر - ێلى الله علیه و سلم - دەفەرموێ (إِنَّ فِي الْجَنَّةِ لَسُوقًا يَأْتُونَهَا كُلَّ جُمُعَةٍ فَتَهُبُّ رِيحُ الشَّمَالِ فَتَحْثُو فِي وُجُوهِهِمْ وَثِيَابِهِمْ فَيَزْدَادُونَ حُسْنًا وَجَمَالًا فَيَرْجِعُونَ إِلَى أَهْلِيهِمْ وَقَدْ ازْدَادُوا حُسْنًا وَجَمَالًا فَيَقُولُ لَهُمْ أَهْلُوهُمْ وَاللَّهِ لَقَدْ ازْدَدْتُمْ بَعْدَنَا حُسْنًا وَجَمَالًا فَيَقُولُونَ وَأَنْتُمْ وَاللَّهِ لَقَدْ ازْدَدْتُمْ بَعْدَنَا حُسْنًا وَجَمَالًا)رواه مسلم عَنْ أَنَسِ بْنِ مَالِكٍ. واتە : بەڕاستى لە بەهەشتدا بازاڕێک هەیە - جێگاى کۆبونەوە - کە هەموو هەفتە جارێک دێن بۆ ئەوێ ، باى شەماڵ هەڵدەکا و خۆڵی بەهەشت - کە میسکە - دەدا بە دەم و چاو و جل و بەرگیان کە دەبێتە مایەى زیاتر جوانبونیان ، ئینجا دەگەڕێنەوە لاى خێزانەکانیان لەو کاتەى کە زیاتر جوان بووینە ، ئینجا خێزانەکانیان پێان دەڵێن سوێند بەخوا لە دواى ئێمە جوانتر بوینە ، ئەوانیش دەڵێن سوێند بەخوا لە دواى ئێمە ئێوەش جوانتر بوینە.
وە بزانە لە بیروباوەڕى ئەهلى سوننەو جەماعەت سەبارەت بە بەهشت و دۆزەخ :
1/ بەهشت و دۆزەخ ئێستا هەن و دروست کراون و ئامادەکراون ، بە بەڵگەى ئەوەى کە لە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خواى گەورە دەربارەى هەردووکیان دەفەرموێ : {اُعدَت} واتە ئامادەکراوە.
2/ هەردووکیان - بەهشت و دۆزەخ - هەتا هەتایین و نافەوتێن نە خۆیان و نە ئەوانەى کە تیایدان.
ئایەتى چوارەم : وَيُنذِرَ الَّذِينَ قَالُوا اتَّخَذَ اللَّهُ وَلَداً (4) واتە : وە بۆ ئەوەى بترسێنێ کەسانێ کە دەیان ووت خوا ڕۆڵەى بۆ خۆى بڕیار داوە .
ئەم ترساندنە لەم ئایەتەدا تایبەتترە لەو ترساندنەى لە ئایەتى پێشتردا هاتووە ، ترساندنەکەى ئایەتى پێشتر بۆ کوفر و تاوان بوو بە گشتى ، بەڵام لێرەدا تایبەتە بە لوتکەى تاوانەکان کە ئەویش بریتى یە لە بڕیاردانى ڕۆڵە بۆ خواى گەورە سبحانه و تعالى.
وە ئەوانەى کە ئەم تاوانە گەورەیە ئەنجام دەدەن ئەو کەسانەن کە لەم دوو ئایەتەدا باس کراون :
{وَقَالَتْ الْيَهُودُ عُزَيْرٌ ابْنُ اللَّهِ وَقَالَتْ النَّصَارَى الْمَسِيحُ ابْنُ اللَّهِ ذَلِكَ قَوْلُهُمْ بِأَفْوَاهِهِمْ يُضَاهِئُونَ قَوْلَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ قَبْلُ قَاتَلَهُمْ اللَّهُ أَنَّى يُؤْفَكُونَ (30)}التوبة ، واتە : جولەکەکان ووتیان : عوزێر کوڕى خوایە ، وە گاورەکانیش ووتیان : مەسیح کوڕى خوایە ، ئەوە ووتەى ئەوانە دەڵێنەوە کە پێشتر بێ بڕوابوون ، خوا لەناویان بەرێ چۆن درۆ دەکەن و لە هەق و ڕاستى لادەدەن.
{وَيَجْعَلُونَ لِلَّهِ الْبَنَاتِ سُبْحَانَهُ وَلَهُمْ مَا يَشْتَهُونَ (57)}النحل ، واتە : ئەو بت پەرستانە کچان بۆ خوا دادەنێن ، پاک و بێ گەردى بۆ خوا وە بۆ خۆشیان چیان بۆ خۆشە.
ئایەتى پێنجەم : مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ وَلا لآبَائِهِمْ كَبُرَتْ كَلِمَةً تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ إِنْ يَقُولُونَ إِلاَّ كَذِباً (5)
واتە : نە خۆیان زانا بوون پێ ى نە باو و باپیرانیان ، چ قسەیەکى گەورەیە کە لە دەمیان دەردەچێت ، جگە لە درۆ هیچ شتێکى دیکە ناڵێن . {مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ}} واتە هیچ زانیاریان نى یە بەو قسەیە یان بەو ڕۆڵەیە کە گوایە ڕۆڵەى خوایە – پاک و بێ گەردى بۆ خوا - ، کە زانیاریان نى یە واتە نەفامن ، { وَلا لآبَائِهِمْ ْ} وە باو و باپیرانیان کە ئەوانیش هەمان قسە دەکەن ؛ ئەوانیش نەفامن ، چەند خەیاڵێکیان هەیە کەوا دەزانن ڕاستى یە ، کەچى دوورە لە زانست و ڕاستى . ئەمەش قسەیەکە کە لە باو و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە کە هیچ یەکێکیان هیچ زانیاریان پێ ی نى یە بەو شتەى کە وا بۆى دەچن ، وە ئەو قسەیەى کە وەک درۆ لەسەر خوا هەڵى دەبەستن لە کوێ هێناویانە؟ لە ڕاستى دا ئەوان قسەیەکە و هەڵیان بەستاوە و هیچ زانیاریان پێ ی نى یە ، وە دیارە زانست یان لە لایەن خۆتەوەیە یان لە باو و باپیرانەوە ماوەتەوە کە ئەوان هیچ یەکێکیان لەمانە پێ نى یە ، وە قسە لە شتێک دەکەن کە ڕووى نەداوە ، وە دیارە نەزانین لە دوو شتەوە سەرچاوە دەگرێ ؛ یان ئەو شتە هەیە بەڵام لە تۆ بزرە و تۆ نایزانى ، یان ئەو شتە هەر خۆى نى یە وە تۆش نازانى کە ئەو شتە نى یە ، چونکە ئەو شتەى کە نى یە نابێ هیچ زانیاریەک پێیوە بەند بێت .
وە دیارە قسە کردن لەسەر خواى گەورە یان لەسەر ئایینەکەى بەبێ زانست تاوانێکى زۆر گەورەیە وەکو خواى گەورە لە سوڕەتى (الاعراف) دا دەفەرموێ : {قُلْ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّي الْفَوَاحِشَ مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَمَا بَطَنَ وَالإِثْمَ وَالْبَغْيَ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَأَنْ تُشْرِكُوا بِاللَّهِ وَأَنْ تُشْرِكُوا بِاللَّهِ مَا لَمْ يُنَزِّلْ بِهِ سُلْطَاناً وَأَنْ تَقُولُوا عَلَى اللَّهِ مَا لا تَعْلَمُونَ (33)} واتە : بڵێ بێگومان پەروەردگارم تەنها ئەو کردەوانەى حەڕام کردوە کە زۆر بەد و خراپن ئەوانەى کە ئاشکران و ئەوانەش نهێنین وە گوناهی حەڕام کردوە وە دەست درێژى بە ناحەق ، وە حەڕامى کردوە شتێک بکەنە هاوبەش بۆ خوا کە بەڵگەى بۆ نەهاتووە وە حەڕامى کردوە کە بەدەم خواوە شتانێک بڵێن کە نایزانن.
وە هەروەها لە سوڕەتى (الزخرف) دا دەفەرموێ : {وَجَعَلُوا الْمَلائِكَةَ الَّذِينَ هُمْ عِبَادُ الرَّحْمَنِ إِنَاثاً أَشَهِدُوا خَلْقَهُمْ سَتُكْتَبُ شَهَادَتُهُمْ وَيُسْأَلُونَ (19)}واتە : وە ئەو فریشتانەى کە بەندەى خواى بەخشندەن بەمێینەیان دادەنان ، ئایا ئەوان بەدیارى دروست کردنیانەوە بوون ؟ بێگومان ئەو شایەتى یانەى دەنوسرێت و پرسیاریان لێ دەکرێ.
{كَبُرَتْ كَلِمَة}ً واتە قسەیەکى ئەو پەڕى گوناهو تاوانەکانە و شایەنى ئەو پەڕى سزاى سەختە ، چ تاوانێک وەکو ئەوەیە کە بڕیارى ڕۆڵە بدەى بۆ خواى گەورە ؟ چونکە بڕیاردانى ڕۆڵە ماناى ئەوەیە کە خواى گەورە کەم و کورتى هەیە - پاک و بێ گەردى بۆ خواى گەورە - وە هەروەها درۆکردنە لەسەر خواى گەورە و بە ماناى ئەوەیە کە کەسێک هەیە هاوبەش بێت لەگەڵ خواى گەورە لە سیفاتى پەروەردگارێتى و پەرستراوێتى - پاک و بێ گەردى بۆ خواى گەورە - .
هەروەکو خواى گەورە لەسوڕەتى (مریم) باس لە گەورەیی تاوانى ئەو ووتە نابەجێ یە دەکات دەفەرموێ {وَقَالُوا اتَّخَذَ الرَّحْمَنُ وَلَداً (88) لَقَدْ جِئْتُمْ شَيْئاً إِدّاً (89) تَكَادُ السَّمَوَاتُ يَتَفَطَّرْنَ مِنْهُ وَتَنشَقُّ الأَرْضُ وَتَخِرُّ الْجِبَالُ هَدّاً (90) أَنْ دَعَوْا لِلرَّحْمَنِ وَلَداً (91)}واتە : ووتیان خوا منداڵى بۆ خۆى داناوە ، سوێند بە خوا بەڕاستى شتێکى زۆر نابەجێ و سەیر دەڵێن ، نزیکە ئاسمانەکان لەت لەت و پارە پارە ببن لەبەر ئەو قسەیەو نزیکە زەویش شەق بەرێت و بقڵیشێ و نزیکە شاخ و چیاکان بەیەک جار بڕوخێن لەبەر ئەوەى بێ باوەڕان منداڵ دەدەنە پاڵ خواى میهرەبان.
{ كَلِمَة } لێرەدا بەماناى قسە دێت نەوەک ووشە ، هەروەکو لە سوڕەتى (المؤمنون) دا دەفەرموێ : {حَتَّى إِذَا جَاءَ أَحَدَهُمْ الْمَوْتُ قَالَ رَبِّ ارْجِعُونِ (99) لَعَلِّي أَعْمَلُ صَالِحاً فِيمَا تَرَكْتُ كَلاَّ إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَائِلُهَا وَمِنْ وَرَائِهِمْ بَرْزَخٌ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ (100)} واتە : هەتا کاتێ مردن دێت بۆ هەر کامیان ئەوسا دەڵێ : ئەى پەروەردگارم بمگێڕەوە بۆ دونیا بەڵکو کردەوەى چاک بکەم لەو تەمەنەى لەدەستم چوو ، نەخێر بێگومان ئەمەى دەیڵێ تەنها قسەیەکە ئەو دەیڵێ ، وە لەبەر دەمیانە بەرزەخێک هەیە تا ئەو ڕۆژەى زیندوو دەکرێنەوە.
وە هەروەکو دەڵێن : (القى فلان کلمە ) واتە فڵانە کەس ووتارێکى پێشکەش کرد .
{ كَبُرَتْ كَلِمَة } لەناو ڕستەى ئایەتەکەدا ئامرازى (کبرت) جیاوازە لەگەڵ ووشەکانى ترى ئایەتەکە ؛ ئەمەش بۆ زیاتر سەرەنج ڕاکێشانە بۆ ئەو ووشەیە.
ئیتر وەکو لەو ئایەتەدا دیارە کە ووشە و قسە زۆر حیسابى بۆ دەکرێ لە لایەن خواى گەورەوە ، وە ئەو ڕاستى یەش لە چەندین ئایەت و فەرموودە بەدى دەکرێ ، وەکو خواى گەورە لە سوڕەتى ( ق ) دا دەفەرموێ : {مَا يَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلاَّ لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ (18)} واتە : هەر ووتەیەک لە دەمى دەردەچێ چاودێرێکى بەسەرەوەیە و دەینوسێ. وە هەروەکو پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم - دەفەرموێ : ( إِنَّ الْعَبْدَ لَيَتَكَلَّمُ بِالْكَلِمَةِ مَا يَتَبَيَّنُ فِيهَا يَزِلُّ بِهَا فِي النَّارِ أَبْعَدَ مِمَّا بَيْنَ الْمَشْرِقِ) رواه البخاري عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ.واتە : بەڕاستى بەندە قسە هەیە دەیکات کە لێ ى ناکۆڵێتەوە ؛ بە هۆیەوە دادەبەزێ لە دۆزەخ دوورتر لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. وە هەروەها پێغەمبەر - صلى الله علیه و سلم - دەفەرموێ : (..... وَمَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أَوْ لِيَصْمُتْ) رواه البخاري عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ واتە : وە هەر کەسێک باوەڕى بە خوداو بە ڕۆژى دوایی هەیە ؛ با قسەى چاک بکات یان بێ دەنگ بێت .
{تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ} واتە ئەوەى ئەوان دەیڵێن هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نى یە تەنها قسەیەکەو لە دەمیان دەردەچێ بۆیە دەفەرموێ {إِنْ يَقُولُونَ إِلاَّ كَذِباً} ئەوەى دەیڵێن هیچ نى یە تەنها درۆیەکى گەورە نەبێت .
وە کاتێک دەفەرموێ {تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ} واتە ئەو قسەیە لە دەمیان دەردەچێ نەک لە دڵ و دەرونیان و لە دواى بیرکردنەوەیەکى ڕاست و دروست بێت ، هەروەکو لە سوڕەتى (النور)دا کە باس لە ڕووداوى (الإفك) دەکات دەربارەى ئەو بوختانەى کە بە دایکى باوەڕداران عائشە - خواى گەورە لە خۆى و لە باوکى ڕازى بێت - کەسانێک هەڵیان بەستا دەفەرموێ : {إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُمْ مَا لَيْسَ لَكُمْ بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّناً وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ (15)} واتە : کاتێک ئەم بوهتانەتان بە دەماودەم لە یەکترەوە وەرگرت وە بەزمانتان شتێک دەڵێن کە زانیاریتان دەربارەى نەبوو ، واتان دەزانى شتێکى سووک و سانایە لە کاتێکدا لاى خوا زۆر گەورەیە.
{إِنْ يَقُولُونَ إِلاَّ كَذِباً}:{إِنْ} بەماناى (ما) دێت واتە : هیچ ناڵێن تەنها { كَذِباً } درۆ نەبێت ، درۆش هەواڵیکى پێچەوانەیە بە ڕاستى.
 مالپه‌ری ئاسووده‌یی
ئه‌م بابه‌ته   ‌ 1105 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/02/2015
بۆچوون بنێره
هیچ کۆمێنتێک نه‌نوسراوه‌ .
1
ژماره‌ی بۆچوون
تکایه‌ سه‌رنجێک مه‌نوسه‌ که‌له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتی گه‌له‌که‌مان ناگونجێت ئه‌م سه‌رنجانه‌ پاش پیاچوونه‌وه‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.
 
   
بابه‌تی زیاتر ...
1