زانستەکانى فەرموودە
چەند پێناسەیەک باوکی چراخان یەکەم
سوننەت یاخود فەرموودە(حەدیس)بریتییە لەوتەکانى پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەربێت) لەگەڵ کردارو ئەو رووداوانەى بێدەنگ بوە لەسەرى و سیفەت و ژیاننامە و هەواڵ و باس و خواسى پیرۆزى، یاخود بەوە دەوترێ کەدەدرێتە پاڵ پێغەمبەرى خوا (درودى خواى لەسەربێت) لەوتە و کردارو رووداوەکانى کە بێدەنگبوە لێ، یان خووڕەوشت و هەڵسووکەوتى. دووەم// هەواڵ(باس ــ رووداو): وشەیەکى هاوتاى فەرموودەیە و زانایانى ئەو بوارە دەیدەنە پاڵ ئەو فەرمودەیەى کەبەرزکراوەتەوە(مرفوع)، یان ئەو فەرموودەیەى وەستاوە(موقوف)ە یاخود بچڕاوە(مقطوع).هەروەها گوتراوە: فەرمودە بریتیە لەوەى کەلەپێغەمبەرەوە هاتوەو هەواڵیش بەوە دەگوترێت لەلایەن کەسێکى دییەوە هاتبێت، پاشان ئەوەى سەرقاڵى سوننەت بوە بە(محدث)ناو زەدکراوەو ئەوەشى بە مێژوەوە خەریکبوە بە(هەواڵگەر)ناوبراوە.سێیەم فەرمودەى (قودسى)//بەو وتەو فەرمایشتانە دەگوترێ کەوا پێغەمبەرى خوا (درودى خواى لەسەربێت) دەیداتە پاڵ پەروەردگار، هەروەها بۆیە بە فەرمودە ناوبراوە چونکە پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەربێت) دەیگێڕێتەوە لەخوداوەندەوە هەروەک چۆن فەرمودە دەگێڕدرێتەوە ، زانایانش سەبارەت بەفەرمودەى قودسى دوو رایان هەیە:1) فەرمودەى قودسى وتەى پەروەردگارە پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەربێت) بەتەنیا گێڕانەوەى لەسەرە.2) وتەکانى وەک فەرمودەکانى پێغەمبەرى خوا (درودى خواى لەسەربێت) وایە بەڵام واتاو ماناکەى لەلایەن خوداوەیە خراوەتە نێو دڵى پیغەمبەرەکەى.جیاوازى نێوان فەرمودەى قودسى و قورئان:(1) فەرمودە قودسیەکان دەستەواژەکانى لەلایەن پێغەمبەرى خواوەیە(درودى خواى لەسەربێت) بەپێى راى هەندێک، بەڵام واتاکەى لەلایەن خوداوەیە لەرێگەى خەو یا خستنەنێو دڵ یاخود نیگایەکى دیارو ئاشکرا.بەڵام قورئانى پیرۆز دەستەواژە و واتاکەى لەلایەن خوداوەیە بەنیگایەکى دیارو ئاشکرا، بەواتایەکى دیکە (جوبرەئیل) (سەلامى خواى لەسەربێت) لەحاڵى بێداریدا دایبەزاندوە نەک لەخەودا یاخود خستبێتیە نێو دڵى پێغەمبەرى خواوە(درودى خواى لەسەربێت).(2) هەروەها گێڕانەوەى فەرموودە قودسیەکان گونجاوە گێڕانەوەى بەچەشنێ واتا بگەیەنێ، بەڵام قورئانى پیرۆز حەرام و یاساغە بەچەشنى واتا بگێڕدرێتەوە.(3) فەرمودە قودسیەکان خوێندنەوەیان لەکاتى نوێژدا ناخوێنرێتەوە بەڵام قورئانى پیرۆز دەخوێنرێتەوە لەنوێژد و بەندایەتی پێوە دەکرێ.(4) قورئانى پیرۆز موعجیزەیەکى زیندوە بەدەستەواژە و دەق و سەرجەم وشەو پیتەکانیەوە بەڵام فەرمودە قودسیەکان بەوچەشنە نیین. چوارەم//جیاوازى نێوان فەرمودەکانى پێغەمبەر(درودى خواى لەسەربێت) لەگەڵ فەرمودەى قودسیدا:فەرمودەى قودسى ماناکەى لەلایەن خوداوەیە بەچەشنى کەوا پێغەمبەرى خودا (درودى خواى لەسەربێت) دەیداتە پاڵ پەروەدگار.بەڵام فەرمودەى پێغەمبەر (درودى خواى لەسەربێت) بەوچەشنە نییە و تێیدایە بەراوبۆچونى پێغەمبەر (درودى خواى لەسەربێت) گوتراوە یاخود لەمیانەى وردبوونەوە لەراستیەکانى گەردوونەوە سەری گرتوە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەوتەى خودا نییە، هەروەها لەنێو فەرمودەکانى پێغەمبەریشدا هەیە لەرێگەى نیگاوە بەپێغەمبەر (درودى خواى لەسەربێت) راگەیەندراوەو پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەربێت) بەوتەى خۆى روونى کردوەتەوە هەرچەندە ئەم بەشەیان لەلایەن خوداوەیە وەک ئەوەى خستبێتیە دڵى یان فێرى کردبێت بەڵام بەوتەى پێغەمبەرى خوا(درودى خواى لەسەربێت) دەربڕاوە بۆیە دەدرێتە پاڵ پێغەمبەر (درودى خواى لەسەربێت).بەهەردوو جۆرەکەشیان دەگوترێت فەرمودەى پێغەمبەر بەهۆى ناوەکەیەوە کەلەسەرى گیرساوەتەوە.
|