تهفسیری سووڕهتی الکهف بهشی سێیهم د.عبدالله
{الکتاب}: واتە قورئانى پیرۆز ، پێ ى دەوترێ کتاب - لە لایەنى زمانەوانى یەوە - چونکە دەنووسرێتەوە یان لەبەر ئەوەى کۆکەرەوەیە لە ڕاستى دا تەنها قورئانى پیرۆز شایەنى ئەوەى هەیە کە پێ ى بوترێ کتاب چونکە کۆکەرەوەیە بۆ هەموو شتێکى چاک و بەسوود بۆ بەندەکان لە دونیاو قیامەتدا هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێ { ذَلِكَ الْكِتَابُ لا رَيْبَ فِيهِ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ (2)}البقرە ، کە ئەم ئایەتە بە دوو شێواز لێکدراوەتەوە ، یەک لە شێوازەکان هەروەکو هەندێک لە زانایان دەفەرموون کە لە سەر ووشەى { لا رَيْبَ } بوەستین واتە هیچ گومانى تێدا نى یە ئائەوە کتێبە ، وە ووشەى { ذَلِكَ } ئامرازى دەست نیشان کردنە بۆ دوور بە کار دێت بەڵام کاتێک لێرە بۆ قورئانى پیرۆز بەکارهاتووە مەبەست لێ ى - والله اعلم - ئیشارەت کردنە بە بەرزى و پیرۆزى ئەم قورئانە.
وە {ال} لە {الکتاب} بۆ (المعهود الذهني) واتە زووتر زانراوە لە مێشکدا کە مەبەست لەو کتێبەدا قورئانى پیرۆزە.
{{وَلَمْ يَجْعَلْ لَهُ عِوَجَا): واتە هیچ جۆرە لاریەکى تێدا دانەناوە ، نە لە ووشەکانى و نە لە ماناى ووشەکانى ، نە زیادەڕۆى تێداکراوەو نە کەم و کورتى ، وە نە دژایەتى لە نێوان ئایەتەکاندا هەیە و نە هیچ شتێکى تێدا لەبیر کراوە ، بەڵکو ڕاست و دروستە لە هەموو لایەنێکدا ، هەروەکو ئەو بونەوەرەى کە خواى گەورە بەدى هێناوە بەبێ هیچ کەم و کورتى یەک وەکو دەفەرموێ : {الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقاً مَا تَرَى فِي خَلْقِ الرَّحْمَنِ مِنْ تَفَاوُتٍ فَارْجِعْ الْبَصَرَ هَلْ تَرَى مِنْ فُطُورٍ (3) ثُمَّ ارْجِعْ الْبَصَرَ كَرَّتَيْنِ يَنقَلِبْ إِلَيْكَ الْبَصَرُ خَاسِئاً وَهُوَ حَسِيرٌ (4)} الملك ، واتە ئەو زاتەى کە حەوت ئاسمانى دروست کردوە لەسەر یەک ، تۆ نابینیت لە دروستکراوەکانى خواى میهرەباندا هیچ ناڕێکى یەک ، چاو بگێڕەو ووردبەرەوە بزانە هیچ ناڕێکى یەک دبینیت ؟ دووبارە چاو بگێڕە یەک لە دواى یەک ، چاوت بە ڕیسوایى و نائومێدى دەگەڕێتەوە بۆ لاى خۆت ، وە ئەو چاوەت ماندووە و تاقەتى چووە. ئیتر هەروەک بونەوەرەکەى کە بەدى هێنەرى خۆیەتى بە تەواوترین شێوەیە ؛ ئەو قورئانەش کە فەرموودەى خۆیەتى لە هەموو ڕوویێکەوە تێر و تەواوە ، وە بەو شێوەیەش فەرموودەکەى بە تەواوەتى دەگونجێت لەگەڵ بوونەوەرەکەى.
بەڵێ قورئانى پیرۆز تێر و تەواوە لە ناوەڕۆکى و لە شێوازى و لە بیروباوەڕەکانى و لە هەڵسەنگاندنەکانى و لە چیرۆکەکانى لە هەموو ڕوویێکەوە ، هەروەکو دەفەرموێ : : {إِنَّ هَذَا الْقُرْآنَ يَهْدِي لِلَّتِي هِيَ أَقْوَمُ...}الإسراء : 9 واتە بەڕاستى ئەم قورئانە ڕێنمویى دەکات بۆ ڕێباز و بەرنامەیەک کە ڕاستترینە .
{عِوَجَا} : (نكرة في سياق النفي فهي تعم جميع أنواع العوج) واتە ووشەى {عِوَجَا} نەناسراوە لە ڕستەى ئینکارکردن دا کەواتە - لە ڕێزمانى زمانى عەربى دا- هەموو جۆرە لارى یەک ڕەتدەکاتەوە ، واتە لە هەواڵەکان و چیرۆکەکانى دا ناڕاستى بەدى ناکرێ وە لە فەرمانەکان و قەدەغەکردنەکانى دا جەور و ستەم و بێ هودەیى تێدا نى یە ، هەروەکو ئەم ڕاستى یەش لە چەندین ئایەتى تر بەدى دەکرێ ؛ وەکو دەفەرموێ : {قُرآناً عَرَبِيّاً غَيْرَ ذِي عِوَجٍ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ (28)} واتە ئەو قورئانە قورئانێکى عەرەبى یە هیچ خوارى و لارى یەکى تێدا نى یە ، وە هەروەها دەفەرموێ : {أَفَلا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِنْدِ غَيْرِ اللَّهِ لَوَجَدُوا فِيهِ اخْتِلافاً كَثِيراً (82)}النساء ، واتە : ئەوە بۆ بیر ناکەنەوە لە قورئان ؟ خۆ ئەگەر لە لایەن کەسێکى ترەوە بوایە جگە لە خوا بێ گومان دەیانبینى تیایدا جیاوازى زۆر .
هەروەکو زانراوە کە زیاتر لە 1400 ساڵە قورئانى پیرۆز هاتۆتە خوارەوە تاوەکو ئێستا هیچ ڕاستى یەکى زانستى نەهاتووە دژایەتى هەبێت لەگەڵ ئایەتەکاندا ؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە هەر شتێکى نوێ کە زانست بۆى بەدیار دەکەوێ دەبینین قورئانى پیرۆز ئیشارەتى پێ کردوە بەڵام ئێمە بەو شێوەیە لێ ی حاڵى نەبووین، لەبەر ئەوەى ئەم قورئانە لاى خوداێک هاتووە کە (الحکیم)ــە واتە هیچ شتێکى بەدى نەهێناوە لە بونەوەردا بەبێ هودە و هیچ شتێکى نەکردوە بە شەریعەت تەنها ئەوە نەبێت کە قازانجى دونیاو قیامەتى بەندەکانى تیا بێت ، وە هەروەها ئەو خودایە (الخبیر)ـــە واتە ئاگادارە و شارەزایە بە ناوەڕۆکى هەموو شتەکان.
ئینجا لە ئایەتى دووەمدا دەفەرموێ :
قَيِّماً لِيُنذِرَ بَأْساً شَدِيداً مِنْ لَدُنْهُ وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْراً حَسَناً (2)ماناکەى بە کورتى : کتێبێکى ڕاست و پایەدارە بۆ ئەوەى بە سزایەکى زۆر بەتین بترسێنێ - ئەوانەى کە باوەڕى پێ ناهێنن- لە لایەن خۆیەوە ، وە مژدەش بدات بەو باوەڕدارانەى کە کردەوە چاکەکان ئەنجام دەدەن بەوەى کە پاداشتێکى چاکیان بۆ هەیە.
{ قَيِّماً } بە دوو شێوە لێک دراوەتەوە :
یەکەم : بەماناى كه(مهيمن على الكتب كلها) لێکدراوەتەوە ، واتە : چاودێرە لەسەر هەموو کتێبەکانى پێش خۆى.وەکو دەفەرموێ {وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقاً لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنْ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِناً عَلَيْه...}المائدة : 48 ، واتە : وە ئەم قورئانەمان ناردە خوارەوە بۆ تۆ بەحەق و ڕاستى و کتێبەکانى پێش خۆى بەڕاست دەزانێ و پشتیوانیان لێ دەکات و چاودێریانە. چاودێریانە لە ڕووى ئەوەى کە دەرى دەخات ئەو جێگایانەى کە دەست کارى (تحریف)کراوە لە لایەن ئەهلى کتابەوە ، وە هەروەها هەندێک لە لە ئەحکامەکانى سڕیتەوە واتە (نسخ) کردۆتەوە.
دووەم: بەماناى(مستقيماَ غاية الإستقامة) لێکدراوەتەوە ، واتە : ڕاستە ئەو پەڕى ڕاستى ، ڕاستە کاتێک کە بیروباوەڕمان بۆ باس دەکات وەک باسکردنى ناوەجوانەکان و سیفاتە بەرزەکانى خواى گەورە کە دەبێتەمایەى ڕووناک بوونەوەى دڵەکانمان و بیروهۆشمان بە ناسین و باوەڕ بوون بە خوداى تاک وتەنیا ، وە ڕاستە کاتێک کە هەواڵمان پێ ڕادەگەیەنێ بە ڕووداوەکانى ڕابردوو و داهاتوو کە دەبێتەمایەى پەند وەرگرتن و خۆ ئامادە کردن ، وە ڕاستە لە فەرمانەکان و قەدەغەکردنەکانیدا کە دەبێتەمایەى پاک بوونەوەى دەروون و گەشەپێدانى بە سیفاتە چاکەکان .
وە ئەو ڕاستى یەش لە چەندین ئایەتى تر ئاماژەى پێ کراوە ، وەکو دەفەرموێ : {رَسُولٌ مِنْ اللَّهِ يَتْلُوا صُحُفاً مُطَهَّرَةً (2)
فِيهَا كُتُبٌ قَيِّمَةٌ (3)}البينة ، واتە : پێغەمبەرێکە لە خواوە چەند پەڕەیەکى پاکیان بەسەردا دەخوێندرێتەوە کە تیایاندا چەند نوسراوێکى بەنرخ هەیە کە ڕێ نیشاندەرە بۆ ڕێگاى ڕاست و دروست. وە هەروەها دەفەرموێ : {وَتَمَّتْ كَلِمَةُ رَبِّكَ صِدْقاً وَعَدْلاً لا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِهِ وَهُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ (115)}الأنعام ، واتە وە فەرمان و ووتەى پەروەردگارت تەواو بووەو بە ئەنجام گەیشت بەڕاستى (ڕاستە لە هەواڵەکانى) و دروستى (دروستە لە فەرمانەکانى) کە هیچ کەس ناتوانێ بڕیارو ووتەکانى بگۆڕێ هەر خوا بیسەرى زانایە.
وە زانراویشە کە لە نێوان دوو خاڵدا تەنها یەک هێڵى ڕاست هەیە وە ئەو ڕاستەهێڵەش کورترین ڕێگایە لە نێوانیاندا ، وە ژیانى خەڵکیش لە دونیادا ڕاستەڕێ نابێت تەنها بەو ڕێگا ڕاستە نەبێت کە دەیانپارێزێت لە هەموو بەیەک داچونێک کە لە ڕێگا لار و چەوتەکاندا بەرەنگارى دەبنەوەو بەرەو هەڵدێریان دەبات. وە هەر ئەو ڕاستە ڕێگایەشە کە کورترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ڕەزامەندى خواى گەورە و بەهەشتى پان و بەرین ، وە هەر کەسێک بە ئەندازەى پابەندبوونى بەو ڕێگاڕاستە و دەرنەچوونى لە سنوورەکانى لە ژیانى دونیادا هەر بەو شێوەیە لە قیامەتیش - بە بەخشش و میهرەبانى خواى گەورە - لەسەر پردى (الصراط) ڕاستە ڕێ دەبێت و بەرەو دەرگاکانى بەهەشت هەنگاو دەنێت ، وە ئەوەى کە لە دونیادا لێ ى لادەدات بە هەمان شێوە لەوێش لێ ى لادەدات ، وە دیارە لادانیش لەوێ کەوتنە خوارەوەیە بۆ دۆزەخ - خوا پەنامان بدات - وە خواى گەورەش ستەم لەکەس ناکات .
خواى گەورە لە ئایەتى یەکەمدا فەرمووى {وَلَمْ يَجْعَلْ لَهُ عِوَجَا}واتە هیچ لارى یەکى تێدا نى یە ، کەواتە دوورە لە هەموو کەم و کورتى یەک ، وە لەو ئایەتەشدا فەرمووى { قَيِّماً } واتە ڕاستە ئەو پەڕى ڕاستى ، کەواتە ئەو پەڕى رێک و پێک و بەرزە ، لێرەش بەهەمان شێوە (التخلية قبل التحلية) واتە پاک کردنەوە پێش ڕازاندنەوە بەدى دەکرێت .
تێبینى : پێویستە لە خوێندنەوەى ئەو دوو ئایەتەدا لە کۆتایى ئایەتى یەکەمدا لەسەر ووشەى {عِوَجَا} بوەستین ، ئینجا دواى وەستان دەست بە خوێندنەوەى ئایەتى دووەم بکەین کە بە { قَيِّماً } دەست پێ دەکات - واتە دوو ئایەتەکە بە یەک نەفەس نەخوێنینەوەو بەیەکیان نەگەیەنین - چونکە ئەگەر وانەکەین ماناکەى دەگۆڕێت.
{لِيُنذِرَ بَأْساً شَدِيداً مِنْ لَدُنْهُ}: واتە بۆ ئەوەى بە سزایەکى زۆر بەتین بترسێنێ - ئەوانەى کە باوەڕى پێ ناهێنن- لە لایەن خۆیەوە.
{لِيُنذِرَ} : (الإنذار) واتە ڕاگەیاندێک کە ترساندنى تێدا بێت ، بەڵام ئەگەر ترساندنى تێدا نەبێت پێ ى دەڵێن : (الإعلام).
ئامڕازى شاراوە لە {لِيُنذِرَ} یان دەگەڕێتەوە بۆ {عبده} واتە : تاوەکو پێغەمبەر- صلى الله عليه و سلم - بەو قورئانە کەسانێکى بێ باوەڕ بترسێنێ لە سزاى خواى گەورە ، یان دەگەڕێتەوە بۆ {الكتاب} واتە : ئەو قورئانە کەسانێکى بێ باوەڕ بترسێنێ لە سزاى خواى گەورە ، وە هەردوو مانایەکەش تەواوە.
{بَأْساً} : {البأس} لە قورئانى پیرۆزدا بە سێ مانا هاتووە :
1/ بە ماناى تەنگدەستى و سەختى لە ژیاندا ، وەکو دەفەرموێ :
{....وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ...}البقرة : 177.
2/ سزاى بە ئێش و ئازار ، وەک ئەم ئایەتەى ئێستا ئێمە لە خزمەتى داین ، وە هەروەها وەکو دەفەرموێ : {..فَمَنْ يَنصُرُنَا مِنْ بَأْسِ اللَّهِ إِنْ جَاءَنَا..}غافر: 29 .
3/ جەنگ و ڕوبەڕوبونەوە ، وەکو دەفەرموێ : {...وَلا يَأْتُونَ الْبَأْسَ إِلاَّ قَلِيلاً (18)}الأحزاب.
کەواتە ئەم قورئانە هاتووە وەک ترسێنەرێک بە سزاى بە ئێش و ئازارى بەتێن لە دونیا و قیامەت بۆ کەسانێکى بێ باوەڕ و سەرپێچى کار.
{مِنْ لَدُنْهُ} واتە : لە لایەن خواى گەورەوە ، ئەوەى بڕیارى داوە و نوسیویەتى لە سزا ى بەتێن بۆ کەسانێکى دەرچوو و سەرپێچى کار.
کەواتە لێرەدا باس لەو سزایە دەکات کە بەتێنە { شَدِيداً } وە لە لایەن خواى گەورەوەیە { مِنْ لَدُنْهُ } کە ئەمەشیان ئیشارەتە بۆ سەختى سزایەکە ؛ چونکە سەختى هەر سزایەک دەگونجێ لەگەڵ توانا و دەسەڵاتى سزادەرەکە ، ئیتر دەبێت سزایەک لە لایەن خوداێکى ئەپەڕى بەهێز و بە توانا و بە دەسەڵات چ سزایەکى بە هێز بێت ؟ خوا پەنامان بدات .
لەو ئایەتەدا باس لەوە نەکراوە کە ئەم سزایە سەختە بۆ کێ یە ، بەڵام بە تەواوکردنى ئایەتەکە بۆمان بەدیار دەکەوێت کە بۆ بێ باوەڕانە بە بەڵگەى ئەوەى کە مژدەى پاداشت دانەوە بۆ باوەڕدارانە وەکو دەفەرموێ {....وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْراً حَسَناً}, وە دیارە بەرامبەر بە باوەڕدار کەسى بێ باوەڕە ، ئەمەش بنەمایەکە لە زانستى تەفسیر کە دەڵێ : (الشئ يُعرف بقبيله المقابل له) واتە شت دەزانرێ بە زانینى بەرامبەرەکەى . وە بە بەڵگەى چەندین ئایەتى تر لە قورئانى پیرۆزدا ، یەک لەو ئایەتانە وەکو دەفەرموێ { إِنَّا قَدْ أُوحِيَ إِلَيْنَا أَنَّ الْعَذَابَ عَلَى مَنْ كَذَّبَ وَتَوَلَّى (48)}طه ، واتە : بە ڕاستى ئێمە نیگامان بۆ کراوە کە بێگومان سزا بۆ کەسێکە پێغەمبەران بەدرۆ دەزانێ و ڕوو وەردەگێڕى لە باوەڕ هێنان.
وە پێویستە بزانین کە خواى گەورە لە ڕوانگەى بەزەیى یەوە بەندەکانى ترساندوە لە سزاکەى وەکو دەفەرموێ : {.....ذَلِكَ يُخَوِّفُ اللَّهُ بِهِ عِبَادَهُ يَا عِبَادِ فَاتَّقُونِ(16)}، واتە ئەو سزایە خوا بەندەکانى خۆى پێ دەترسێنێ ئەى بەندەکانم خۆتان پبارێزن لە سزاى من .
{وَيُبَشِّرَ الْمُؤْمِنِينَ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ أَجْراً حَسَنا} واتە : وە مژدەش بدات بەو باوەڕدارانەى کە کردەوە چاکەکان ئەنجام دەدەن بەوەى کە پاداشتێکى چاکیان بۆ هەیە.
{ وَيُبَشِّرَ } : (التبشیر) موژدە پێ دان ، ئەو هەواڵ پێدانەیە کە دەبێتە مایەى دڵ خۆشى بەرامبەرەکەى ، وە ووشەى (التبشیر) لە (البشرة) هاتووە واتە بەشى دەرەوە لە پێست ، لەبەر ئەوەى کاتێک کە کەسێک موژدەیەکى پێ دەدرێ ئەوا خۆشى یەکە لە پێستى دەم و چاوى ڕەنگ دەداتەوە.
{ الْمُؤْمِنِينَ} باوەڕداران ئەو کەسانەن کە باوەڕیان هێناوە بە هەموو ڕوکنەکانى باوەڕ ، هەروەکو پێغەمبەر – صلی الله علیه و سلم -دەفەرموێ کاتێک کە جبریل - علیه السلام - دەربارەى ڕوکنەکانى باوەڕ پرسیارى لێ دەکات : (أَنْ تُؤْمِنَ بِاللَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَتُؤْمِنَ بِالْقَدَرِ خَيْرِهِ وَشَرِّهِ.) رواه مسلم عن عُمَرُ بْنُ الْخَطَّابِ- رضي الله عنه. واتە باوەڕ بێنى بە خودا - بە پەروەردگارێتى و پەرستراوێتى و ناوە جوانەکانى و سیفاتە بەرزەکانى - وە بە فریشتەکان و کتێبەکان و پێغەمبەرەکان و ڕۆژى دوایى و قەزاو قەدەر.
{ الَّذِينَ يَعْمَلُونَ الصَّالِحَاتِ ِ} ئەوانەى کردەوە چاکەکان ئەنجام دەدەن ، کەواتە پێویستە کردەوەى چاک لە دواى باوەڕ بێت ، وە باوەڕێک بێ کردەوەى چاک وەکو ڕەگى دارێکە کە ئەو دارە هیچ بەروبوم و گەڵاى نەبێت. هەروەکو (حسن البصري) دەفەرموێ : (ليس الإيمان بالتمني و لا بالتحلي و لكن ما وقر في القلب و صدقه العمل) واتە : باوەڕهێنان بە هیواو ئاوات نى یە - باوەڕیک بێت لە ناو دڵ و دەروون بە بێ کردەوە - وە بە خۆ ڕازاندنەوەش نى یە - چەند کردەوەیەک بێت بە بێ باوەڕ - بەڵکو ئەوەیە کە باوەڕ لە دڵدا بچەسپێ و کردەوەکانیش ئەو باوەڕە پشت ڕاست بکاتەوە.
وە بۆ ئەوەى کردەوە بە کردەوەى چاک بژمێردرێ و خواى گەورە قبوڵى بکات ؛ پێویستە دوو مەرجى تێدا بێت :
1/ الإخلاص: واتە تەنها بە مەبەستى ڕەزامەندى خواى گەورە ئەنجام بدرێت ، هەوەکو خواى گەورە دەفەرموێ : { فَاعْبُدْ اللَّهَ مُخْلِصاً لَهُ الدِّينَ (2)}الزمر ، بە ماناى : کەواتە خوا بپەرستە و بەتەنها هەر بۆ ئەو مل کەچ بە . هەروەکو پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم -دەگێڕێتەوە لە خواى گەورە لە فەرمودەیەکى قودسیدا : (قَالَ اللَّهُ تَبَارَكَ وَتَعَالَى أَنَا أَغْنَى الشُّرَكَاءِ عَنْ الشِّرْكِ مَنْ عَمِلَ عَمَلًا أَشْرَكَ فِيهِ مَعِي غَيْرِي تَرَكْتُهُ وَشِرْكَهُ) رواه مسلم عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ - رضي الله عنه ، واتە خواى گەورە دەفەرموێ : من لە هەموو هاوەڵێک دەوڵەمەندترم پێویستم بە هاوەڵ نى یە ، هەرکەسێک کردەوەیەک ئەنجام بدات کەسێکى تریشى مەبەست بوو جگە لە من ، ئەوا من بە جێ ى دێڵم لە گەلڕ هاوەڵەکەى.
2/ المتابعة: شوێن کەوتنى پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم - کە ئەویش شوێن شەریعەتەکەى خوا ى گەورە کەوتووە. هەروەکو لە چەندین ئایەت لە قورئانى پیرۆزدا خواى گورە فەرمانمان پێ دەکات کە گوێ ڕایەڵى پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم - بکەین ، (وأطيعوا الرسول) ، وە هەروەها پێغەمبەر - صلی الله علیه و سلم - دەفەرموێ : (مَنْ أَحْدَثَ فِي أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ) رواه مسلم عن عائشة - رضي الله عنها. واتە : هەر کەسێک شتێکى نوێ ی هێنایە ناو ئەم ئاینە کە تیایدا نەبوو ئەوا لێ ى قبوڵ ناکرێ و ڕەت دەکرێتەوە.
ئهم بابهته له مالپهری ئاسوودهیی وهرگیراوه
|